28 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی زەردە تێپەڕی
لەلایەن رووداو 21/7/2016
رووداو – زەردە
شەڕی ئێران و عێراق لەدوایین رۆژەکانیدا ژەهری خۆی بە خەڵکی گوندی زەردە، لە ناوچەی داڵاهۆی کرماشان رشت، رۆژێک کە زەردەییەکان بۆنی سێویان بە تامی مەرگ چێشت. ئەمڕۆ 28 ساڵ لەو رۆژە تێپەڕ بوو، بەڵام برینەکانی زەردەییەکان هێشتا ساڕێژ نەبووە..
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی زەردە، شێرپەنجەی خوێن تاوەكو ئێستا 98 کەسیانی کوشتووە. 20 کەسی دیکەش بەهۆی شێرپەنجەی ریخۆڵە مردوون. 40 حاڵەتیش منداڵ لەبار چووە. زۆر کەسیش بە دەست کەمئەندامییەوە گیرۆدەن.
لە بۆردومانی زەردەدا 275 کەس شەهید بوون و هەزار و 100 کەسیش بریندار. بەڵام پشتگوێ خران. هەندێ لە چالاکان دەڵێن: چونکە یارسانن. پێویستییەکی سەرەتایی ئەوان، دەرمانگایەکی تایبەتە، بەڵام بۆیان دروست نەکراوە. مافێکی ئەوتۆیان وەک کەم ئەندامی شەڕ پێ نەدراوە. دەبێت دەواو و دەرمان خۆیان دابینی بکەن، ئەویش بە پارەیەکی زۆر.
لەو ساڵیادی ئەو رۆژەدا دەیان پارێزەر و چالاکڤانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نامەیەکی كراوەدا بۆ سەرۆککۆماری ئێران، داوای بە دواداچوونیان بۆ کێشەکانی زەردەییەکان کردووە.