ڕاگەیندراوی ئهنجۆمن ئایین یاری له دانمارک سەبارەت بە
کونفرانسی یونسکو لە باشوری کوردستان
Yari religion forening i Danmark
لە بەرواری ١٨-١١-٢٠١٥ کونفرانسێک لە ژێر ناووی ئاشتی و پێکەوە ژیان بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە لایەن یونسکووە لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. کاکەییەکان بەهۆکارگەلێک کە خۆیان لە ڕاگەیەنداروەکەیاندا ئاماژەیان پێکردوە، ئەم دانیشتنەیان بایکوتکرد. ئێمە سەرەڕای پاڵپشتیکردن لە ڕاگەیندراوی کاکەییەکان، پێمان خوشبوو، بۆ ڕای گشتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین.
١- کوردستان وڵاتێکی فرە ئایینی و فرە ڕەهەندییە. لێ گرنگە ئەم کۆمەڵگا فرە ڕەهەندییە لە پانتای سیاسی و داڕشتنی نەقشەڕێگای ئەم کۆمەڵگایە خۆیان بە بەشدار بزانن و هەستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی خۆیان بۆ نیشتمانەکەیان لە ڕێگای بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە نیشان بدەن.
٢- بە شاهدی مێژوو کاکەییەکان لە مێژووی مبارزەی کوردستاندا نرخ و بەهایەکی زۆریان داوە و لەو پێناوەدا بە دەیان سەرکردە و ڕابەری ئەم ئایینە بوونەتە قوربانی مەرز و بوومەکانی کوردستان. تکستە پیروزەکانی کاکەییەکان (یارسانییەکان) گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئاڵا هەڵگرانی کلتور و کەلەپوور و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە لایەن ئەم کۆمەڵگاوە هەمیشە پارێزراوە و نەوە بەنەوە درێژەی هەبووە.
٣- یارسانییەکان (کاکەییەکان) لە پرۆسەی سیاسی باشووری کوردستان و دووای ڕوخانی ڕێژیمی بەعس پەراوێز خراون و بچووکترین ئاوردانەوەیەک لە مافە ئایینیەکانی ئەم کۆمەڵگایە نەدراوەتەوە. لە کاتێکدا زۆر لەو کەمە ئایینی و نەتەوەییانە کە بە کۆتا
نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان بووە و لە پرۆژەی دەستوری کوردستان مافەکانییان دیاریکراوە بە ژمارەی هەشیمەت نیووەی کاکەیەکان نین، کە چی کاکەیەکان لە هیچ کوێی دەستوور کوردستان و لە پلان و پرۆژەی هیچکام لە ڕێکخراوە کوردیەکان باسیان لێووە ناکرێت و پشگوێ و پەراوێز خراوون.
ئێمە باوەڕمان وایە بۆ بونیات نانەوەی کۆمەڵگای کورد و دروستکردنی کیانێکی یەکگرتووی کوردی دەبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن و مافی هیچ لایەک بە هۆی هەڵاواردنی ئایینی و ڕەگەزییەوە پێشێل نەکرێت.
٤- ئێمە وەک ئەنجومەنی یارسانیەکان لە وڵاتی دانمارک ئەم سیاسەتە بە سیاسەتێکی هەڵە دەزانین و دڵنیاین زیان بە یەکگرتووی و یەکرێزی کۆمەڵگای کوردی دەگەیەنێت و لە دواڕۆژدا ئاسەوار و ئاکامەکانی کەلێنێکی گەورە لە پانتای سیاسی و پرۆسەی دیموکراسیخوازی باشووری کوردستان دروست دەکات.
٥- کاکەیەکان ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان لە تۆمارگەی مێژووی خەباتی کوردی چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا بەجێ گەیاندووە و بەسەدان تێکۆشەریان بەختی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کردووە. ئێستا ئەرکی حکومەت، پارلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کە بەبەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و مافە سروشتییەکانی کاکەییەکان لە دەستوری هەرێمی کوردستان بچەسپێنن. بەپێجەوانەوە بەدڵیناییەوە مێژوو لەو لایەنانە خۆش نابێت کە بە ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆیان هەڵنەستاون و سیاسیانە و بە پلان هەوڵی پەراوێزخستن و بێ مافکردن کاکەیەکان لە پرۆسەی بەشداریکردنی نەقشەی سیاسی و دیموکرسیخوازی کوردستان دەدەن.
لە کۆتاییدا ڕاشکاوەنە ڕایدەگەیەنین پێشلکردنی بەردەوامی مافی کاکەییەکان ناچارمان دەکات پەنا بۆ ناوەدە نێودەوڵەتیەکان ببەین و ناڕەزایەتی خۆمان پێیان ڕابگەیەنین. هەروەها داوا دەکەین کاکەییەکان بەیەکگرتووی و یەکڕیزییەوە بەردەوام بن و پێداگری لە سەر مافەکانیان بکەن. ئێمەش وەک ناوەندگەلی کلتوری و ئایینی یارو یاوەری برا کاکەییەکانمانین و بێشک لە کەناڵگەلی جیاوازەوە دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرانبەر بە کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە مەڕ کاکەییەکان بە کۆڕ و کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکان ڕادەگەیەنین.
ئەنجومونی یارسانیەکان لە دانمارک
yarsan_danmark@hotmail.com
Mobil.nr. 0045 24804166
٢٢-١١-١٥